English | عربي



له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانی راكان جبوورى 14 كه‌س له‌ دیوانى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ستگیر كران

2019/11/10 | 23:00

هەواڵی کوردستان -  

 

له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانى راكان جبوورى، پارێزگارى سه‌پێندراى كه‌ركووك، ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ی كه‌ركووك فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى بۆ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی نێو دیوانى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ركرد، كه‌ له‌نێویاندا دوو برا و كوڕێكى راكان جبووریىشی تێدایه‌ و پێشتریش دوو جار راكان جبوورى، له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و به‌فیڕۆدانى سامانى گشتى بانگهێشتى دادگا كراوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، هه‌فته‌ى رابردوو، به‌ بڕیاری لقی كه‌ركووكى ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ى عێراق، 14 كه‌س له‌ دیوانى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ستگیر كران، له‌نێو ده‌ستگیركراوه‌كان دوو برا و كوڕێكى راكان جبوورى، پارێزگاى سه‌پێنراوى كه‌ركووكى تێدایه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌دەردانى سامانى گشتى.

هه‌روه‌ها له‌نێو ده‌ستگیركراوه‌كاندا به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ژمێریارى و سه‌رۆكى لیژنه‌ى وردبینیی دیوانى پارێزگای كه‌ركووكیان تێدایه‌، كه‌ تاوه‌كوو ئێستا له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان و ئازاد نه‌كراون.

لقی كه‌ركووكى ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ی كه‌ركووك، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیاندا، جگه‌ له‌ ده‌ستگیركردنى 14 كه‌سی له‌ دیوانى پارێزگاى كه‌ركووك، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ له‌ كاتى وه‌رگرتنی پاره‌ له‌ هاووڵاتییان له‌به‌رامبه‌ر لابردنى حیجز له‌سه‌ر زه‌وه‌ییه‌كانیان، به‌رپرسی به‌شی یاسایی شاره‌وانیى كه‌ركووكیش ده‌ستگیر كرا.

به‌پێی راگه‌یاندراوێك له‌سه‌ر سكاڵایه‌كى په‌رله‌مانتارێكى كه‌ركووكى، 14 فه‌رمانبه‌رى دیوانى پارێزگاى كه‌ركووك دراونەتە دادگا، كه‌ سكاڵاكه‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنى پارە بۆ خوارده‌مه‌نى و خه‌رجییه‌كانى دیوانى پارێزگاى كه‌ركووك بووه‌.

پێشتر (باس) بڵاوى كرده‌وه‌، كه‌ سكرتێره‌كه‌ى راكان جبوورى، كه‌ خزمێكى نزیكى خۆیه‌تى، له‌ ماوه‌یه‌كى دیاریكراوى كه‌مدا زیاتر له‌ 950 ملیۆن دینارى ته‌نیا بۆ نانخواردن خه‌رج كردووه‌، هه‌ر به‌پێی به‌ڵگه‌كان، رۆژی وا هه‌بووه‌، بڕی زیاتر له‌ 7 ملیۆن دیناریان بۆ ژه‌مه‌ خواردنه‌كان خه‌رج كردووه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ به‌پێی یاسایی پارێزگاكانى عێراق هه‌ر پارێزگارێك ساڵانه‌ ده‌توانێت تاوه‌كوو بڕی 12 ملیۆن دینار خه‌رج بكات بۆ نانخواردن له‌ دیوانى پارێزگا، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ى رێنماییه‌كان، راكان جبوورى سه‌دان ملیۆن دینارى ته‌نیا له‌ ماوه‌یه‌كى دیاریكراوى كه‌مدا خه‌رج كردووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان، خه‌رجكردن و هێنانى پسووله‌ى نانخواردنه‌كانى راكان جبوورى، زۆربه‌یان وه‌همی بوون‌، له‌و كرده‌وه‌یه‌شدا تەنیا عه‌لی سه‌عید عه‌لی كه‌ سكرتێری خۆیه‌تى، ورده‌كارییه‌كانى ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ له‌ خه‌رجكردنى پاره‌ بۆ نانخواردن ده‌زانێت.

له‌م باره‌یه‌وه‌، دیلان غه‌فوور، په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ ئه‌كاونتى خۆی له‌ (فه‌یسبووك) نووسیویه‌تى، له‌كاتێكدا خۆپیشاندانى فراوان به‌غدا و پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن بۆ دژایه‌تیى گه‌نده‌ڵی و داواكردنى چاكسازى ڕیشه‌یی، پارێزگاى به‌وه‌كاله‌تى كه‌ركووك ده‌یه‌وێ ئه‌و دۆسێ یاساییانه‌ى له‌سه‌ریه‌تى به‌لاڕێدا ببات و له‌و دۆسێیانەیدا پارێزگارى به‌وه‌كاله‌ت پشتى به‌ستووه‌ به‌ به‌ڵگه‌ى فه‌رمی و به‌ڵگه‌كان له‌به‌رده‌ستى به‌ڕێز دادوه‌رى تایبه‌تمه‌ندان و به‌رده‌وام كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت.

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، ئه‌و به‌رپرسانه‌ى دیوانى پارێزگاى كه‌ركووكیش، كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و دۆسێیه‌دایە كه‌ له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانى پارێزگارى به‌وه‌كاله‌تى كه‌ركووك جووڵاندوومانه‌ و چاوه‌ڕوانكراوه‌ دادگا داواى ده‌ستبه‌سه‌ركردنى خه‌ڵكى دیكه‌ش بكات، بۆ لێپرسینه‌وه‌ و ئاماده‌بوون له‌به‌رده‌م یاسادا.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، كامه‌ران كه‌ركووكى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "دیاره‌ كه‌ ئیداره‌ى ئێستای كه‌ركووك تۆمه‌تبارن به‌ گه‌نده‌ڵی و له‌نێو فه‌رمانگه‌كانیش گه‌نده‌ڵی ده‌كرێ، بێ گومان ده‌سته‌ى ده‌ستپاكیى عێراقیش هه‌ندێ بابه‌تیان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ئاشكرا كردووه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ى تێدا ده‌كرێ، له‌ كه‌ركووك گه‌نده‌ڵی به‌ئاشكرا ده‌كرێ و ده‌ستكاریى سامانى گشتى له‌ شاره‌كه‌دا كراوه‌".

راشی گه‌یاند، زۆر به‌ڕوونى گه‌نده‌ڵی له‌ زۆربه‌ى جومگه‌كانی کارکووکدا ده‌كرێ، هه‌روه‌ها كه‌سانێك، كه‌ پرۆژه‌كانى ناو پارێزگایان پێ ده‌درێ، ئه‌وه‌شیان به‌ گه‌نده‌ڵی به‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ده‌درێ، هه‌روه‌ها به‌ڵێنده‌ره‌كانى سه‌ر به‌ راكان جبوورین و ئه‌وانیش ئێستا دەزگایه‌كى چاودێریی به‌سه‌ریانه‌وه‌ نییه‌، بۆیه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆیان گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن.

له‌و چوارچێوه‌دا، ته‌ها ته‌یفوور، چاودێری سیاسی بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ره‌وشی كه‌ركووك هه‌ڵبه‌ته‌ ره‌وشێكى تایبه‌تى هه‌یه‌ و نه‌گونجاو و ئاڵۆزه‌ له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كانى ژیاندا، ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین، له‌ ڕووى یاساییه‌وه‌ ئه‌وا بۆشاییه‌كى گه‌وره‌ى یاسایی هه‌یه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك په‌ڕه‌ى نوێ سه‌باره‌ت به‌ ته‌عریب و خراپیی دۆخى ئه‌منى و په‌كخستنی كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، دیاره‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌ن، ئیداره‌ى ئێستاى كه‌ركووك كۆمه‌ڵێك بڕیاری دا و به‌ رێگاى ناشه‌رعیی پاره‌ و بودجه‌ى كه‌ركووكیان له‌به‌رده‌سته‌ و خه‌رجی ده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ش هه‌مووى له‌ نه‌بوونى یاسا و سه‌روه‌رییه‌ كه‌ ده‌كرێت".

گوتیشی: ”راكان جبووریش به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ى دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 هاته‌ كایه‌وه‌، ده‌ستى واڵا كراوه‌ بۆ گه‌نده‌ڵی و ته‌عریبكردن و ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ى كه‌ هاتووه‌ بۆ خزمه‌تكردنى شاره‌كه‌، راكان جبوورى بۆ خۆی خه‌رجی كردووه‌، دیاره‌ ئه‌و بۆشاییه‌ى باسمان كرد له‌ كه‌ركووكدا، كه‌ بۆشاییه‌كى ده‌ستوورى و یاساییه‌، راكان جبورى به‌ ئاره‌زووى خۆی یاری تێدا ده‌كات، له‌م ماوه‌یه‌ى دواییدا له‌نێو خێزانه‌كه‌ى خۆیاندا 12 كه‌س ده‌ستگیر كراون و به‌تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵی دراون به‌ دادگا، كه‌ سه‌رجه‌میان كه‌سی خۆی و ئامۆزاکانیەتی، كه‌سیش نه‌بووه‌ له‌پێش گه‌نده‌ڵییه‌كانى رێگر بێت“.

روونیشى كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای دۆخی ئێستای عێراق بكه‌ین، كه‌ ماوه‌ى چه‌ندین رۆژه‌ له‌ به‌غدا و شاره‌كانى دیكه‌ى عێراق خۆپیشاندان ده‌كرێت، هەمووی هۆكاره‌كه‌ى گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونى یاسایه‌، بۆیه‌ ئه‌م وڵاته‌ وێران و كاول بووه‌ و ره‌نگه‌ ئه‌مانه‌ رۆژی خۆشترمان بن، ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕێك نه‌کرێ، بۆیه‌ حوكمى تاكڕه‌و و دیكتاتۆری ئه‌سته‌مه‌ به‌رده‌وام بێت و له‌م دۆخه‌ى ئێستای عێراقیش سوننه‌ بێده‌نگییه‌كى ته‌واوى هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووى هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ى راكان جبووریش وا بكات.

 









زۆرترین بینراو


هەواڵی سەرەکی

⋙ هەردوو هاوسەرۆکی شارەوانی ئیپەک یۆلوی شاری وان گیران

⋙ لە گوندی مەسعودیە شەڕێکی قوڕس روودەدات

⋙ لە هەولێر چوارکەس بە تۆمەتى ساغکردنەوەى دەرمانى ماوەبەسەرچوو دەستگیرکران

⋙ هەرێمی کوردستان.. لە شەش ھەزار قوتابخانە تەنیا ھەزاریان توێژەری دەروونییان ھەیە

⋙ وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەداتە نەخۆشخانە تایبەتەكان

ڤیدیۆ هەواڵ
⋙ بە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ كلیپێك، كازم ساهر پەیام بۆ "گەنجانی عێراق" دەنێرێت

⋙ بە ڤیدیۆوە... چەند پۆلیسێكی ئەمریكی دەبنە باتمان


زۆرترین بینراو