English | عربي



گوندی قەسرۆکی رانیە ساڵانە دوو هەزار تەن هەنار بەرهەم دێنێت

2019/11/09 | 14:36

هەواڵی کوردستان - باخەوانێک: چیتر پێویستمان بە هەناری سووری و تورکی و میسری نییە

ئاووهەوا و هەڵکەوتەی سروشتی ناوچەکە و هەبوونی جووتیاری شارەزا، واییان کردووە هەنارەکانی گوندی (قەسرۆک)ی سنووری ڕانیە، ناوازە و پڕ لە ئاو بن، ساڵانە تەنیا لەم گوندەدا، نزیکەی دوو هەزار تەن هەنار بەرهەم دەهێنرێت و جووتیارانیش دەڵێن: "لە کاتی پێگەیشتنی هەنارەکانیان، لەبەر هاوردەکردنی هەناری بیانی، هەناری خۆماڵیی لە بازاڕدا نرخێکی کەمتر دەکات".

پوورە نەجیبە، یه‌کێکە له‌ خاوه‌ن باخه‌کانى گوندى (قەسرۆک)‌ لە سنووری ڕانیە، بۆ (باس) گوتى: "هه‌موو ساڵێک له‌م وه‌رزه‌دا ده‌ست ده‌که‌ین به‌ ڕنینه‌وه‌ى هه‌ناره‌کانمان و دوای جیاکردنه‌وه‌یان، هه‌ناره‌ چاكه‌كان بۆ فرۆشتن جیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ئه‌وەى دیکەیشى هه‌ڵده‌گرین، بەشێکی بۆ خواردن و بەشێکیشی ده‌که‌ین به‌ ڕوبه‌هه‌نار بۆ وەرزی زستان".

گوتیشی: "هەرچەندە وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەی هەناری قەدەغە کردووە، بەڵام ئێستاش بە ڕێگەی قاچاغ دەهێنرێت و بەو هۆیەشەوە ئێمە سوودێکی ئەوتۆ لە بەرهەمەکانمان ناکەین، لەبەر هاوردەی بەرهەمی دەرەوە، چونکە کە هەناری ئەوان هات، هی ئێمە پارەیەکی کەم لە بازاڕدا دەکات و زۆر جاریش نرخەکەی خۆیشی ناکاتەوە".

ئەو جووتیارە دەشڵێت، زۆر جار هەنارەکانیان ڕەوانەی عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکووک دەکەن.

هەناری کوردستان بەزیادەوەش بەشی هەموو کوردستان دەکات و پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە، لەبەرئەوە پێویست ناکات بەرهەمی هاوردە لە بازاڕدا بمێنێت.

هەرچەندە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هاوردەی هەناری قەدەغە کردووە، بەڵام بە گوتەی ئەو جووتیارانە، تاوەکوو ئێستاش هەناری قاچاخ دەهێنرێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و هەناری میسڕی و سووری و تورکی بازاڕی بە بەرهەمی هەناری ناوخۆیی لەق کردووە.

هەرێم حەسەن، فرۆشیارێکی ڕانیەیە، بە (باس)ی ڕاگەیاند: "ئێمە ڕۆژانە چەندین جۆر هەنار لە عەلوەکانەوە دەهێنین بۆ بازاڕ بۆ فرۆشتن و هەناری ناوخۆیی و هەناری بیانیشمان هەیە، بەڵام ئێستا کەمتر هەناری بیانیمان هەیە، چونکە وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی هەناری بیانی قەدەغە کردووە، نرخی یەک کیلۆ هەناری باشیش لە بازاڕدا بە ١٠٠٠ بۆ ١٥٠٠ دینار دەفرۆشرێت و هەنارە وردەکانیس نرخیان دەچێتە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ دینار".

گوتیشی: "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەرهەمی هەنار باشترە و پێویستمان بە هاوردەکردنی هەناری بیانی نابێت".

لای خۆیەوە ئاسۆ دارا، شارەزای ئابووری بە (باس)ی ڕاگەیاند: "قەدەغەکردنی هەنار، یاخود زیادکردنی باج لەسەر هەنار، لە بەرژەوەندیی جووتیارەکانە، چونکە نرخی هەناری هاوردە بەرز دەبێتەوە، بەم شێوەیەش خواست لەسەری کەم دەبێتە و لەو کاتەدا خەڵکەکە زیاترهەناری ناوخۆ دەکڕێت، کە ئەمەش لە قازانجی جووتیارەکانە".

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر بێت و لە هەموو کەرتەکاندا بەرهەمی ناوخۆ بکەوێتە سەرپێ و پێوستمان بە هاوردەی بەرهەمی دەرەوە نەبێت، ئەوا حکوومەت قازانج دەکات و دەبێتە خاوەنی ئابووریی سەربەخۆ، ئەمە جگە لەوەی سەرمایە لە ناوخۆی وڵاتدا دەمێنێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، کە دەست (باس) کەوتووە، لە هەرێمی کوردستان ڕووبەری داچێنراو بە هەنار بریتییە لە ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار دۆنم زەوی، کە ساڵانە نزیکەی ٣٠ هەزار تەن هەنار لەم باخانە بەرهەم دەهێنریت، لە سنووری رانیەش ٧ هەزار دۆنم باخی هەنار هەیە، کە ساڵانە جووتیاران بەرهەمێکی باش دەخەنە بازاڕەکانی کوردستانەوە.

 









زۆرترین بینراو


هەواڵی سەرەکی

⋙ دەستەی ژینگە: زبڵ و خاشاک مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژینگەی هەرێمی کوردستان

⋙ شاره‌زوور.. پرۆسه‌ى دابه‌شكردنى نه‌وت ده‌ستپێده‌كات

⋙ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێلی كارەبایی هەڵگرت

⋙ مەرزەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بە وەزارەتی دارایی دەبەسترێنەوە

⋙ ئەردۆگان: بەردەوام دەبین لە هێرشەكانمان تا هەمو یەپەگە لەناودەبەین

ڤیدیۆ هەواڵ
⋙ وێنە و ڤیدیۆ..پایتۆنێك هەوڵدەدات پڵنگێك بكاتە یەك پارو، بەڵام زو پەشیمان دەبێتەوە

⋙ ڤیدیۆ.. چه‌ند ئامێر و ته‌كنۆلۆژیایه‌كى مۆدێرن بۆ دروستكردنى خانوو


زۆرترین بینراو