English | عربي



ئه‌مساڵ زۆرترین به‌رهه‌می هه‌نگوینی كوردستان له‌ هه‌ولێر بووه‌

2019/11/09 | 14:36

هەواڵی کوردستان - سه‌رۆكی تۆڕی هه‌نگه‌وانانی كوردستان: تا ئێستا حکوومەتی هەرێم رێگەیەکی فەرمیی بۆ هەناردەی هەنگوینی کوردستان نەدۆزیوەتەوە

سه‌رۆكی تۆڕی هه‌نگه‌وانانی كوردستان، له‌ دیمانه‌یه‌كی (باس)دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ زۆرترین به‌رهه‌می هه‌نگوینی ئه‌مساڵ، له‌ پارێزگای هه‌ولێره‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، كه‌ لە سنووری پارێزگای هه‌ولێردا، كوێستانی زۆر باش بۆ په‌روه‌رده‌كردنی هه‌نگ هه‌ن.

عارف شێروانی، سه‌رۆكی تۆڕی هه‌نگه‌وانانی كوردستان، له‌ هه‌مان كاتدا خۆیشی هه‌نگه‌وانه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌مساڵ به‌رهه‌می هه‌نگوین، له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر زۆر باش بووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ ده‌ستیان كه‌وتووه‌، به‌رهه‌می ئه‌مساڵی هه‌نگوینی كوردستان، نزیكه‌ی 500 ته‌ن ده‌بێت: "ئه‌گه‌رچی تا 10ی ته‌مووز هیچ ئومێدێكمان نه‌بوو، كه‌ هه‌نگ بتوانێت شیله‌ كۆ بكاته‌وه‌، به‌ڵام دوای ئه‌و مانگه‌ كه‌شه‌كه‌ گۆڕا، بۆیه‌ ئه‌مساڵ پێچه‌وانه‌ی ساڵی رابردوو بوو، له‌ كوێستانه‌كان به‌رهه‌م زۆر بووه‌، ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ سلێمانی و دهۆكیش کە كوێستانیان هه‌بوو، به‌رهه‌میان هه‌بوو، به‌ڵام وه‌ك هه‌ولێر نه‌بووه كه‌ ناوچه‌ی به‌رزایی وایان تێدایه‌، نزیكه‌ی 3 هه‌زار و 700 مه‌تر له‌ ئاستی رووی ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌، بۆیه‌ پارێزگای هه‌ولێر گونجاوتره‌".

له‌باره‌ی ئه‌و هه‌نگوینه‌ی له‌ كوردستان به‌رهه‌م دێت و پێداویستیی ناوخۆ، سه‌رۆكی تۆڕی هه‌نگه‌وانانی كوردستان، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، كه‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگوین خۆر نین، به‌ڵكوو ته‌نیا 8%ی خه‌ڵكی كوردستان هه‌نگوین ده‌خۆن و له‌ سفره‌ی به‌یانیانیاندا هه‌یه‌: "له ‌هه‌مان كاتدا زۆربه‌ی ئه‌مانه‌ وه‌ك ده‌رمان به‌كاری دێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌لایه‌ك بۆیان بنووسێ كه‌ هه‌نگوین بخۆن و باشه‌، كه‌چی به‌ به‌راورد به‌ وڵاتێكی وه‌ك یه‌مه‌ن، 58%، سعودیه‌ 50%ی خەڵکەکەی هه‌نگوین خۆره‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ زۆر به‌ كه‌می هه‌نگوین ده‌خوات".

عارف شێروانی، نایشارێته‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كوردستان، رێگایه‌كی رێكخراو و فه‌رمی نییه‌، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵێك كه‌سن به‌رهه‌می هه‌نگه‌وانانی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕنه‌وه‌، دواتر له‌ رێگه‌ی چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی خوارووی عێراقەوە، بۆ به‌غدا به‌سڕای ده‌به‌ن، له‌وێشه‌وه‌ بۆ وڵاتانی وه‌ك سعودیه‌، به‌ڵام ساڵانی پێشتر خۆشیان بۆ ئیمارات و ڵاتانی دیكه‌یان ده‌نارد: "له‌دوای 2016ەوە به‌رهه‌م كه‌م بوو، ئه‌مساڵ به‌رهه‌م باشه‌، به‌ڵام دیار نییه‌، كه‌س به‌رهه‌می خۆی ده‌نێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ یان نا"، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و هه‌نگه‌وانه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ داوایان له‌ وه‌زیری كشتوكاڵ كردووه‌، به‌ نووسراوی فه‌رمی رێگریی له‌ هاورده‌كردنی هه‌نگوینی ساخته‌ی ده‌ره‌كی بكات، چونكه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌نگه‌وانان به‌گشتی هه‌یه‌، ده‌ڵێت: "وه‌زیریش نووسراوه‌كه‌ی به‌رز كردووه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و كاره‌ به‌ یاسایی بكرێت، چونكه‌ ئه‌و هه‌نگوینه‌ی هاورده‌ ده‌كرێت، شایانی خواردن نییه‌ و ده‌ستكاریی كراوه‌ تا نه‌یبه‌ستێت، ئه‌مه‌ش هۆكاری نه‌خۆشییه‌، زانیاریمان لایه‌، کە چه‌ندین نه‌خۆشی بڵاو ده‌كاته‌وه‌".

ساڵانه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی كوردستان، له‌ 15ی ئابه‌وه‌ تا بۆ 1ی ئه‌یلوول، هه‌نگبڕینه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، به‌ڵام له‌ ناوچه‌ ده‌شتاییه‌كان و گه‌رمه‌سێره‌كان له‌ 1ی حوزه‌یرانه‌وه‌ تا مانگی ته‌مووز، به‌ گوته‌ی سه‌رۆكی تۆڕی هه‌نگه‌وانانی كوردستان، له‌ كوردستان نزیكه‌ی 500 هه‌زار سندوقە هه‌نگ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ 200 هه‌زار خەڵێفە هه‌نگی خۆماڵی.

ساڵانه‌ هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی 30 هه‌زار سندوق هه‌نگ هه‌نارده‌ی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌كرێت.

 

 









زۆرترین بینراو


هەواڵی سەرەکی

⋙ پەیامی مەیدانی تەحریر بۆ گەلانی ئێران

⋙ یاساى دەستەى دەستپاکی عێراق هەموار دەکرێتەوە

⋙ حکومەتی ئێران خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی پچراندوە

⋙ " خاوه‌ن 50 دیزاینى جلى كوردیى ئافره‌تانم"

⋙ ئێران: رێگە بەکاری ئاژاوەگێڕی و وێرانکاری بۆ سەر دامەزراوە گشتی و تایبەتیەکان نادەین

ڤیدیۆ هەواڵ
⋙ ڤیدیۆ..ئەردۆگان: گەورەترین بێرێزیە بە یەپەگە و پەیەدە بوترێت کورد

⋙ بەڤیدیۆ.. ئەیوب سەڵاحەدین بەھادین گۆرانییەکی نوێی بڵاو کردەوە


زۆرترین بینراو