English | عربي



شاناز برایم ئه‌حمه‌د بۆ كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ: كه‌س چیتر چاوه‌ڕوانی بڕیاری تۆ ناكات

2019/08/16 | 11:00

هەواڵی کوردستان - به‌رپرسانی نزیك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ: نه‌شاز و نه‌شازئاساكان ده‌یانه‌وێ بگه‌نه‌ سه‌ركردایه‌تی

شاناز برایم ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی كۆمیته‌ی رێكخستنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا، دووباره‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر جێگری سكرتێری گشتیی حزبه‌كه‌ی.

له‌و په‌یامه‌دا كه‌ پێشتریش په‌یامێكی هاوشێوه‌ی بڵاو كردبووه‌وه‌، شاناز برایم ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌ كردووه‌، ئاواته‌خواز بووه‌ كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ ئه‌ركی مێژوویی سه‌رشانی جێبه‌جێ بكردایه‌ و "ته‌نیا بۆ یه‌كجاریش بیری له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی بكردایه‌ته‌وه‌" و رۆژی كۆنگره‌ی دیاری بكردایه‌.

هاوكات نووسیویه‌تی: "دیاره‌ ‌له‌به‌‌ر زۆریی ئه‌ركه‌كانتان و سه‌رقاڵیتان، نه‌په‌رژانه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌ وه‌ڵامی نامه‌كه‌م و نه‌ داواكاریی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بده‌نه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ش ناچار بووم كه‌ دووباره‌ له‌ڕێی سۆشیال میدیاوه‌ نامه‌یه‌كی ترتان ئاراسته‌ بكه‌م".

شاناز برایم ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی گرتووه‌ كه‌ "لێره‌ و له‌وێ" به‌ ناوی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵه‌وه‌، وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ وه‌ڵامه‌كاندا باسی ئه‌و موڵك و ماڵه‌ كرابوو كه‌ شاناز برایم كۆیكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام شاناز برایم وه‌ڵامه‌كان به‌ "دوور له‌ به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رێكخراوه‌یی و ڕۆژنامه‌وانی و هاورێیه‌تی و كورده‌واری و یه‌كێتییانه‌" وه‌سف ده‌كات.

هه‌ر له‌ نامه‌كه‌یدا به‌رپرسی كۆمیته‌ی رێكخستنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌و گوێ به‌و وه‌ڵامانه‌ نادات و ده‌ڵێت: "من له‌و جۆره‌ دار (بی)یانه‌ نیم كه‌ به‌م جۆره‌ (با)یانه‌ بلەرزم".

به‌ توندیش هۆشداری به‌ كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ داوه‌ و رای گه‌یاندووه‌ كه‌ بۆ چه‌سپاندنی رۆژی كۆنگره‌، "پێ ناچێت كه‌س چیتر چاوه‌ڕوانی بڕیاری ئێوه‌ و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بكات".

تۆمه‌تی دووركه‌وتنه‌وه‌شی له‌ خه‌ڵك ده‌داته‌ پاڵ و رای ده‌گه‌یه‌نێت: "ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ ئێمه‌ و له‌ خه‌ڵك دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ كه‌ چیتر له‌ زمانی یه‌كێتییه‌كان ناگه‌ن".

له‌ نامه‌كه‌یدا شاناز برایم باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ ٥ی ئاداری ٢٠١٨ بڕیار بووه‌ رۆژی كۆنگره‌ رابگه‌یه‌نن، كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ داوای ٤٨ كاتژمێر مۆڵه‌تی كردووه‌، به‌ڵام ئێستا "پێنجسه‌د و بیست و پێنج رۆژ"ی به‌سه‌ردا چووه‌ و "كه‌می ماوه‌ كه‌ ببێته‌ چیرۆكی هه‌زار و یه‌ك شه‌و".

هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كردووه‌ كه‌ ئه‌وان چیتر چاوه‌ڕوانی بڕیاری كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ ناكه‌ن و له‌ رێگه‌ی ئۆرگانه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی باڵه‌كه‌ی خۆیاندا كه‌ ئه‌و به‌ جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی وه‌سفی كردوون، رۆژی ٢١ی ١١ی ٢٠١٩ بۆ كۆنگره‌ دیاری ده‌كه‌ن.

له‌ كۆتاییشدا شاناز برایم، كۆسره‌ت ڕه‌سووڵی به‌ ترسان له‌ كۆنگره‌ تۆمه‌تبار كردووه‌ و نووسیویه‌تی: "هه‌موو ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی كه‌ رێگری له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كه‌ن و له‌و پرۆسه‌ دیموكراسییه‌ ده‌ترسن،‌ ده‌توانن هه‌م وه‌ك میوان، یا چاودێر و هه‌م وه‌ك ناوه‌ندی بڕیار یاخود هاودیدێك، به‌شداری له‌ كۆنگره‌ی به‌خۆداچوونه‌وه‌ و نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی بكه‌ن".

پێش جه‌ژن شاناز برایم نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ كردبوو و تێیدا داوای كردبوو، له‌گه‌ڵ جه‌ژندا واده‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی دیاری بكه‌ن، به‌ڵام دواتر میدیا و به‌رپرسانی نزیك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ به‌ توندی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌.

یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌، سه‌نگه‌ر عه‌بدولسه‌مه‌د، كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی له‌ ماڵپه‌ڕی (ڕاچڵه‌كین)ی سه‌ر به‌ كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ، وه‌ڵامی شاناز برایمی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ "نه‌شاز و نه‌شازئاساكان" ده‌یانه‌وێت هه‌رچۆنێك بێت، بگه‌نه‌ سه‌ركردایه‌تی.

هاوكات باس له‌و هه‌موو موڵك و ماڵ و ده‌فته‌ر دۆﻻره‌ كرا كه‌ شاناز برایم له‌ ساڵانی رابردوودا له‌ په‌نا یه‌كێتی كۆی كردووه‌ته‌وه‌.

كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ماوه‌ی ٧ ساڵ دواكه‌وتووه‌ و باڵه‌كانی یه‌كێتی كه‌ ئێستا زیاتر له‌ پێنج باڵن، له‌سه‌ر به‌ستنی كۆك نین، هه‌رچه‌نده‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیش به‌ فه‌رمی داوای لێكردوون كۆنگره‌ ببه‌ستن، تاوه‌كوو بتوانن به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن.









زۆرترین بینراو


هەواڵی سەرەکی

⋙ لە پارێزگای هەولێر نەخشە و پلانی وەبەرهێنانی 10 ساڵەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا

⋙ مانگرتووانی گۆڕەپانی تەحریر پەیامێك ئاراستەی بەرهەم ساڵح دەكەن

⋙ چەند تویژێک بەرێژەیەک لە باج دەبەخشرێن

⋙ چەند كارگەیەكی ریسایكلین دروست دەكرێن

⋙ فیلمە پاڵێوراوەكانی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب ئاشكرا بوون

ڤیدیۆ هەواڵ
⋙ به‌ڤیدیۆ.. شه‌هرام سه‌ردار كلیپێكى نوێ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

⋙ به‌ڤیدیۆ.. ئارش عوسمان كلیپى (دایه‌)ى بڵاو كرده‌وه‌


زۆرترین بینراو