English | عربي



شێوازەکانی سەربڕینی ئاژەڵان و یاسا نوێیەکانی ئەوروپا ئایا ئاژەڵ لەکاتی سەربڕیندا ئازاری پێدەگات

2019/08/14 | 13:00

هەواڵی کوردستان - خەندان- بەهمەن ئەحمەدلەماوەی رابردودا شێوازی سەربڕینی ئاژەڵان و بەكارهێنانی گۆشتەكەیان مشتومڕو رای جیاوازی لەسەر دروستبوە، لەوبارەیەوە كۆمەڵگای مسوڵمانا و جولەكەكان شێوازێكی دیاریكراوی كلاسیكییان بۆ شێوازی سەربڕینی ئاژەڵ هەبوە و پێداگیری لێدەكەین، بەمدواییانەش لەگەڵ پێشكەوتنەكانی بیری مرۆڤ و سەرهەڵدانی رێكخراوەكانی پاراستنی مافی ئاژەڵان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆیان و رچاوكردنی باری دەرونیان بەپاڵپشتی توێژینەوە زانستییەكان بیرۆكەی دیكەی بۆ چۆنیەتی سەربڕینی ئاژەڵ هێناوەتە پێشەوە. لەئێستادا بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا لەنمونەی بەلجیكا بەكاریگەری توێژینەوە زانستییەكان و كامپینی رێكخراوەكانی مافی ئاژەڵان تەنانەت گۆڕانكارییان لەیاساكانی خۆشیاندا كردوە.

ياسا نوێیەكانی ئەوروپابەمدواییانە، بەلجیكا شێوازی سەربڕینی ئاژەڵانی بەپێی كۆمەڵگای ئیسلامی و جولەكە قەدەغەكرد و یاسایەكی نوێی دانا.

یاساكە داوادەكات ئاژەڵ پێش سەربڕینیان بەتەواوەتی لەهەست و هۆشبخرێن، ئەوەش ئەو داواكارییەیە كە رێكخراوی پیشەسازی خۆراكی جیهانی داوایدەكات" بەڵام چاودێرانی كۆمەڵگای ئیسلامی و جولەكە رەتیدەكەنەوە و شێوازی كلاسیكی خۆیان بۆ سەربڕین بەكارێكی باش و سەركەوتو دەزانن.مسوڵمانان پێیانوایە كاتێك چەقۆ رەگی حەیاتی ئاژەڵەكە دەبڕێت لەهۆشی خۆی دەچێت و چیتر ئازار نابینێت، دەشڵێن ئەركی سەرەكی ئاژەڵ كە لەلایەن خوداوە بۆی دیاریكراوە خزمەتكردنی مرۆڤە و بەخشینی گۆشتەكەی بەشێكە لەجێبەجێكردنی ئەو ئەركەی.

لەبەرامبەردا رێكخراوەكانی پاراستنی مافی ئاژەڵان و خۆشگوزەرانی بۆیان پێیانوایە شێوازی سەربڕینی كۆن ئاژەڵ دەترسێنیت و ئەوترسە كاریگەری لەسەر هەستی دروستدەكات و كواڵیتی گۆشتەكەی تێكدەدات و پێویستە بەتەواوەتی لەهۆشبخرێت ئینجا چەقۆ لەملی نزیكبرێتەوە.  بەپێی یاساكەی بەلجیكا مسوڵمانان و جولەكەكانی كۆمەڵگای بەلجیكی بۆیان هەیە گۆشتی حەڵاڵی ئەو ئاژەڵانە هاوردە بكەن كە بەشێوازی رێگەپێدراوی خۆیان سەربڕاون، لەزۆربەی كۆمەڵگا ئیسلامییەكانیشدا لەهۆشبردنی ئاژەڵان بەرێگای ئەلیكترۆنی پێش سەربڕینیان رێگەپێدراوە. زۆربەی یاساكانی ئەوروپا داوای لەهۆشبردنی ئاژەڵ دەكەن پێش سەربڕینیان، پرۆسەی لەهۆشبردنیش بەرێگای تەقەكردن لەمێشكی ئاژەڵەكە یان لەڕێگای تەزوی كارەبایی.

زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا رێگە بەشێوازە ئاینییەكەی ئیسلام و جولەكەش دەدەن، بەڵام لەئێستادا وڵاتانی سوید، نەرویج، ئایسلەندا، دانیمارك و سلۆڤینیا رێگە بەو شێوازە كۆنە ئاینییەی سەربڕینی ئاژەڵان نادەن.  بەمدواییانەش وەك بەشێك لەهەڵمەتەكانی كۆتایهێنان بەدژایەتیكردنی جولەكە و دەربڕینی سۆز و هەستی مرۆڤایەتی بەرامبەر پەنابەرە مسوڵمانەكان لەئەوروپا و رۆژئاوادا قەدەغەكردنی گۆشتی حەڵاڵ و شێوازی ئاینی سەربڕینی ئاژەڵان بەكارێكی نەشیاو لەقەڵەمدەدرا. رەهەندی سیاسی سەربڕینی ئاژەڵان بەشێک لەسیاسییە چەپڕەوەکانی ئەوروپا بەبیانوی پاراستنی مافی مەدەنی و مافی ئاژەڵان کۆنترۆڵی شێوازی سەربڕینی ئاینی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵانیان کردوە و بێهۆشکردن پێش سەربڕین بەباشتر دەزانن وەک لەو شێوازە کلاسیکییەی کە مسوڵمانان و جوەکان جێبەجێیدەکەن.بەشێوەیەکی گشتی چەپەکان هەوڵی جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکانی ئەوروپا و رۆژئاوا دەدەن، ئەوان باوەڕیان بەبێهۆشکردنی ئاژەڵ هەیە پێش سەربڕینی.

بەڵام تەواوی باکگراوەندە سیاسییەکان و بیروا جیاوازە ئاینی و مەزهەبییەکان لەگەڵ ئەوەدان کە ئاژەڵ پێش سەربڕینی نابێت سزابدرێت یان بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کە بخرێتە ژێر بارێکی دەرونی خراپەوە چونکە توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستوە جۆرێک هەستەوەر لەمێشکی ئاژەڵدایە کاتێک روبەروی ناڕەحەتی دەکرێتەوە توشی ترس دەبێت ئەو ترسەش فشاری لەسەر دروستدەکات و کواڵیتی گۆشتەکەی دەگۆڕێت. بیرۆکەی جێبەجێکردنی یاساکەی بەلجیکاش پەرلەمانتارێکی راستڕەوی ئەو وڵاتە خاوەنیەتی کە پێشتر داوای خۆشگوزەرانی ئاژەڵانی کردوە و پرۆژەیەکیشی لەوبارەیەوە پێشکەشی حکومەت کردوە. ئامادەکردنی ئاژەڵ بۆ سەربڕینبەپێی دواین یاساکانی ئەوروپا و رۆژئاوا لەکاتی ئامادەکردنی ئاژەڵ بۆ سەربڕین پێویستە ئەو ئاژەڵە تەندروست بێت و لەروی فسیۆلۆجییەوە ئاسایی بێت.

توێژینەوە زانستییەکانیش پێویستە شەوی پێش سەربڕینی ئاژەڵ لەکاتی لەبارێکی ئارامدا بوبێت، ئەگەر لەشوێنی دوریشەوە هێنرابێت پێویستە بۆ شەوێک لەشوێنێکی گونجاودا بهێڵرێتەوە ئینجا سەرببڕێت.   هەروەها بەپێی یاسا نوێیەکانی رۆژئاوا، پێویستە ئاژەڵ پێش سەربڕینی، بەتایبەتی لەکاتی هێشتنەوەی لەگەوڕو گەلەخانەکاندا، پێویستە ئاو و خۆراکی پێویستی پێبدرێت.

نابێت بەهیچ جۆرێک ئاژەڵی بریندار و نەخۆش تێکەڵی ئاژەڵە تەندروستەکان بکرێت، چونکە بەشێک لەو نەخۆشییە دەگوازرێنەوە و زیان بەوانی دیکەش دەگەیەنێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئاژەڵە بریندارەکان زۆر جار دەکەونە بەر هێرشی ساغەکان و ئازاریان پێدەگەیەنن. بەوجۆرە کە ئامادەکرا بۆ سەربڕین و هێنرایە شوێنی سەر بڕین، پێویستە زۆر بەهێمنانە لەشوێنی چەقۆکە نزیکبکرێتەوە، بۆ ئەوەی روبەروی ئەو فشارە نەبێتەوە کە توێژینەوە زانستییەکان پێیانوایە کاریگەری لەسەر کواڵیتی گۆشتەکەی دروستدەکات.

راوەدونان و ئازاردانی ئاژەڵ پێش سەربڕینی کارێکی تەواو قەدەغەکراوە، زیانیش بە مرۆڤ دەگەیەنێت.

پێویست بەپێی کێش و قەبارە و ناسینی میزاجی ئاژەڵەکە ئامادەکاری بۆسەربڕینی بکرێت. چەندین جۆری ئامێری کۆنترۆڵکردنی ئاژەڵان و ئامادەکردنیان بۆ سەربڕین هەیە، لەزۆربەی سەربڕخانەکانی ئەوروپادا زرزرە و ئامێری وریاکەرەوە بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەو ئاژەڵانەی لاساری دەکەن ئامێرێکی تایبەتی هەیە کە کەمێک ئازار بەئاژەڵەکە دەگەیەنێت، ئەویش نابێت زۆر بەکاربهێنرێت و بگاتە حاڵەتی بریندارکردن.راکێشان و پێچدانی کلکی ئاژەڵ بەتەواوەتی رێگەپێنەدراوە.

لەو وڵاتانانەی کە باوەڕیان بەبێهۆشکردن نیە پێش سەربڕین نابێت بەسزادانی ئاژەڵەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بدرێت، شێوازی خستن و ئامادەکردنی بۆ چەقۆ کاریگەری لەسەر کواڵیتی گۆشتەکەی هەیە و پێویستە کەسانی شارەزا ئامادەیان بکەن. شێوازەکانی سەربرینی ئاژەڵ بەپێی یاسای بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپاوەک لەسەرەوە باسکرا لەبەشێک لەولاتانی ئەوروپا یاسای بێهۆشکردنی ئاژەڵ پێش سەربڕینی جێبەجێدەکرێت ئەویش بۆ ئەو ئاژەڵانەی کە گەورەن و کۆنترۆڵکردنیان ئاسان نیە، وەک گا مانگا، مەڕو شەکی گەورە و بەراز.

سەربڕینیش بەدو قۆناغی سەرەکییە:یەکەم/ بێهۆشکردن، چەندین رێگا بۆ بێهۆشکردن هەیە لەوانە:

 أ- بێهۆشکردن بەترەقە: ئەم رێگایە زیاتر بۆ مەڕوماڵات و گا و گوێرەکە و بەراز بەکاردەهێنرێت و لەرێگەی دەمانچەیەکەوە ترەقەیەکی کانزایی ئاراستەی مێشکی ئاژەڵەکە دەکرێت و بێهۆشیدەکات. ب- بێهۆشکردن بەتەزوی کارەبا: بەم شێوازە تەزویەکی کارەبایی دەدرێت لەمێشکی ئاژەڵەکە و بێهۆشدەبێت.

لەهەندێک وڵاتیش تەزوەکە ئاراستەی مێشک و دڵیشی دەکرێت و بەهۆیەوە جگەلە بێهۆشکردن هاوکات دەشیکوژێت. ج- بێهۆشکردن بەگاز: ئەم رێگایە زیاتر بۆ بەراز بەکاردەهێنرێت و پێش سەربڕینی گازی بێهۆشکەر بەتایبەتیش (دایۆکسیدی کاربۆن) دەدرێت بەروی ئاژەڵەکەدا و بێهۆشدەکرێت. دوەم/ سەربڕین، پاش بێهۆشکردنی ئاژەڵەکە لەڕێگەی قاچێکییەوە هەڵدەواسرێت بەو قولاپەی کە ئامادەکراوە بۆ کەوڵکردنی و قەسابەکەش بەشێوەیەکی لەسەرخۆ سەریدەبڕێت و خوێنەکەی دەچێتە تیاگرێکی تایبەتییەوە کە رەوانەدەکرێت بۆ شوێنی تایبەتی خۆی و ناهێڵرێتەوە تا بۆگەن بکات. 

شێوازی ئاینی ( ئیسلام و جو)شێوازی ئاینی بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لەهەریەک لەکۆمەڵگای مسوڵمانان و جوەکاندا شێوازێکی کۆن و تاڕادەیەک لەیەکەوە نزیکن.

بەپێی ئەو شێوازە کۆنە ملی ئاژەڵ لەرێگای چەقۆیەکی تیژەوە دەبڕدرێت و دواتر پێستەکەی لێدەکرێتەوە و گۆشتەکەی جیادەکرێتەوە.ئایا ئاژەڵ لە كاتی سەربڕینیدا ئازاری پێدەگات؟ئەم پرسیارە لە دكتۆرێكی بەناوبانگی دانیماركی كرا بە ناوی دكتۆر جۆن هۆنۆڤەر لارسۆن گەورە پزیشكی نەخۆشخانەی حكومی كۆبنهاگن لە وەڵامدا وتی:وەڵامی ئەمە ئاسانە پەستان بخەرە سەر بەشی پێشەوەى قوڕگی هەركەسێك ئەوا كەسەكە خێرا بێهۆش ئەبێت لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ بەشێوەی ئیسلام كاتێك چەقۆ ئەدرێت لە ملی خوێن دیتە دەرەوەو بۆ مێشك ناچێت. وتیشی زانست دەریخستوە كاتێك خوێن ناردن بۆ مێشك بوەستێت ئەوا ناوەندەكانی هەست كردن بە ئازار لە ماوەی كەمتر له 3 چركە لەكار دەكەون، چونكە ناوەندەكانی هەست كردن بە ئازار بەردەوام پێویستيان بە ئۆكسجینی خوێنە ، بەمەیش ئاژەڵەكە بێهۆش ئەبێت و هەست بە ئازاری تیا نامێنێت. پاشان پرسیاری لێ كرا ئەی ئەو خۆ راپسكانە و جوڵە زۆرەی ئاژەڵەكە چیە؟ لە وەڵامدا وتی ئەوە بەهۆی ئازاراوە نیە بەڵكو مانەوەی پەیوەندی مێشكە لەگەڵ دڵ و ئەندامەكانی تری لەش، چونكە لە سەربرینی ئیسلامدا دڕكە مۆخ لە بەشی پشتەوە مل تا ماوەیەك نابڕرێت كاتێك خوێن لە بەشی پێشەوەی مل دێتە دەرەوە مێشك ئیعاز بە دڵ ئەدات لە ڕێگای دڕكە پەتك كە خوێنی لێ بڕوا و زو فریای بكەون بۆی بنێرن، دڵیش ئیعاز بە هەموو ئەندام و ماسولكەكانی لەش دەدا كە مێشكی سەركردەیان خوینی لێ بڕاوە بۆی بنیرن، بەوەیش هەمو ئەندامەكان دەكەونە ڕاپسكان و جوڵەی زۆر تا چی خویِنیان هەیە ڕەوانەی دڵی بكەن و ئەویش بینێرێت بۆ مێشك.ئەو پزیشکە دانیمارکییە رونیشیکردەوە، بەڵام لە نیوەی ڕێگا خوێنەكە لە ملەوە لە شوێنە براوەكەوە دەچێتە دەرەوە بۆیە مێشك ئیعازی تر دەدات و بەردەوام ئەندامەكان لە جوڵە ئەبن هەتا چی خوێنیان تیا هەیە دەینێرن، بەڵام ناگات و فڕێ‌ دەدرێتە دەرەوە بەوەش خوێن كە پیسترین ژینگەی میكرۆب و نەخۆشیە لەلاشەی ئاژەڵەكە دەكرێتە دەرەوە.لەبەرئەوەیە زانایانی ئیسلامی پێیانوایە ئەو گۆشتەی كە بە ڕیگای ئیسلام سەرببرێت تا ماوەیەكی زۆر داینێت بۆگەن ناكات، بەڵام سەربڕین بەرێگاکانی دیکە دەبێتەهۆی ئەوەی گۆشتەكە لە كەمترین كاتدا بۆگەن دەكات چونکە خوێنەکە لەلەشی ئاژەڵەکەدا دەمێنێتەوە. بەمجۆەرە مشتومڕی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەبارەی شێوازی سەربڕینی ئاژەڵەوە بەردەوامە، رۆژئاواییەکان و ئەروپا شێوازی کۆنی ئیسلام بەرێگایەک بۆ ئازاردانی زۆری ئاژەڵەکە و دروستکردنی فشار لەسەری پێناسەدەکەن و رەتیدەکەنەوە و رۆژهەڵاتییەکانیش بەبیانوی مانەوەی خوێن لەجەستە و زو خراپبون و لادان لەبنەما ئاینییەکان شێوازی نوێی ئەوروپییەکان بۆ سەربڕینی ئاژەڵ رەتدەکەنەوە، بەشێک لەتوێژینەوە زانستییەکانیش هاوڕای ئەوەن کە شێوازی ئاینی ئازاری زۆر بەئاژەڵ دەگەیەنێت، توێژینەوەش هەیە رێگا ئاینییەکە پەسەند دەکات.

xendan.blob.core.windows.net/root/root/images/91482019Dier-dat-lijdt-verdoven-1








زۆرترین بینراو


هەواڵی سەرەکی

⋙ گوڵەبەڕۆژە - 19-09-2019

⋙ ڤیدیۆ.. روداوی تەقەكردنەكەی سەر لقی چواری پارتیعەتا شێخ حەسەن: پاراستنی رۆحی كادرانی پارتی لە ئەستۆی هێزە ئەمنیەكاندایە

⋙ رۆژنامەیەكی ئەمریكی: پێنتاگۆن ناردنی موشەكی بەرگری و فڕۆكەی جەنگی بۆ سعودیە تاوتوێدەكات

⋙ باڵیۆزێکی سعودیە کوشتنی خاشقچی بە "پەڵە" بۆ سەر وڵاتەکەی ناودەبات

⋙ ریكس تیلرسۆن: چه‌ندینجار ناتانیاهۆ تره‌مپی ساویلكه‌ی خه‌ڵه‌تاندووه‌

ڤیدیۆ هەواڵ
⋙ ڤیدیۆ.. روداوی تەقەكردنەكەی سەر لقی چواری پارتیعەتا شێخ حەسەن: پاراستنی رۆحی كادرانی پارتی لە ئەستۆی هێزە ئەمنیەكاندایە

⋙ ڤیدیۆ..روداوێكی تەقەكردن لە واشنتن رویدا و كوژراو و بریندار هەیە


زۆرترین بینراو