English | عربي



منداڵێکی نوێ - 99

2019/03/17 | 15:42

هەواڵی کوردستان - تێڕامان..

دیارییەکانی سروشت

نووسینی: ئۆشۆداڕشتنەوەی: شێرزاد حەسەن

 

پرسیار: ئۆشۆ-ی خۆشەویست..

ئێوە دەزانن، کە تێڕامان و تێفکرین لە ژیان و بوون و گەردوون، یان چوونە خەڵوەت و وەرزشی رۆحانی، گەڕان و پشکنین بۆ نهێنییەکانی مرۆڤ و جیهانی چواردەورمان خولیا و خووی سۆفییە گەورەکانە، یان ئەو کەسانەی کە دەروێشانە دەژین و کەمترین بایەخ بە کۆکردنەوەی سامان و دارایی دەدەن، پتر لە خەمی خۆپاککردنەوەدان، چاوپۆشین لە تەماعە زۆرەکانی دونیا، کەچی ئێوە تێڕامان و تێفکرین و وەرزشی رۆحپەروەرانە بۆ خەڵکی ئاسایی و رەشۆکی و فەرزەندەکانیان پێشنیار دەکەن..

ئایا دەکرێت کار و داوایەکی بەم چەشنە، بۆ هەموو کەسێک رەوا بێت؟

 

وەڵام: رەنگە هەندێکتان بپرسن لە من، کە ئەگەر خودی تێڕامان و تێفکرین هی کەسانێک بێت، کە سۆفی و فەیلەسووف و شاعیر و خەڵوەتکێشن، ئایا رەوایە بۆ من کە بۆ کەسانی رەشۆکی و ئاسایی پێشنیاری بکەم؟

لە وەڵامدا دەلێم: بەڵێ..

بگرە من بڕوام وایە، کە منداڵانیش بتوانن بگەنە ئەو ئاستە، ئەوان بۆ خۆیان هەر بە سروشتی زگماکی و خۆڕسکانەی خۆیانەوە سەر بەو جیهانەن، کە بواری تێڕامان و ئەندێشەمەندی دەدات، هێشتا سەر بە دونیای جاویدانین.

بەرلەوەی کە منداڵەکان لە لایەن کۆمەڵگاوە تێکبشکێن و بشێوێندرێن، یان لە لایەن کەسانێکەوە سەریان لێ بشێوێت، کە پتر لە ئامێر و رۆبۆت دەچن، یان لەسەر دەستی کەسانی نابووت و گەندەڵ یاری بە چارەنووسیان بکرێت، ئەگەر بەڕاستی لە خەمی منداڵەکانداین، وا چاکە لە منداڵییەوە رێگایان بۆ خۆش بکەین، کە فێری تێڕامان و تێفکرین و مێدیتاسیۆن ببن.

تێڕامان و مێدیتاسیۆن بۆ بارهێنان و لە قاڵبدانی منداڵەکان نییە، بە کچەکان و کوڕەکانیشەوە، بۆ ئەوە مەشقیان پێ ناکەین کە خۆیان لەگەڵ هەلومەرجی دەوروبەر بگونجێنن.

تێڕامان بۆ ئەوە نییە کە وا لە نەوەی نوێ بکەین دوچاری وشکەباوەڕی و مەزهەبزەدەیەکی توندڕەو بن.

ئەگەر بمانەوێت کەسێک وا لێ بکەین، کە بڕوای بە ئایینێک بێت، ئەوسا سیستمەکە ناچارمان بکات، کە بیر و باوەڕێکی ئاییندارانەیان تێدا بچێنین.

زۆر جاران بە زۆردارەکی وا لە منداڵەکان دەکەین، کە باوەڕ بە جۆرەها شت بهێنن، کە لەبنەڕەتدا خۆمان دەزانین کە گەمژانە و هیچە و جێگەی گومانن.

هەڵبەتە ناچاریشیان دەکەیت، کە بنەبڕ و بەبێ گومان بڕوا بەو ئەفسانەیە بکەن.

ئێستا تۆ بەم شێوەیە تێگەیشتن و زیرەکیی خۆڕسکانەی منداڵەکان دەمرێنیت.

بەڵام گەر ئێوە منداڵەکانتان لەسەر تێڕامان رابێنن، ئەوسا دووریان دەخەنەوە لە تەلقینگەرایی و سەپاندنی بیر و بڕوای ناماقووڵ، کار و ئەرکی ئێوە نییە کە لە هیچە و بێ بناغە بڕوا بە چەندین شتی تڕوهات بکەن، ئێوە بانگهێشتی کچەکان و کوڕەکانتان ناکەن بە مەرجی تەڵاقدانی ئاوەز و عەقڵ، چونکە بیرنەکردنەوە هاوشان نییە بە پەسندکردنی بیر و بڕواکان بەبێ بنەما و گفتوگۆ، بەڵکوو ئێمە و ئەوان پێویستیمان بە گۆڕینەوەی ئەزموون هەیە.

منداڵان زۆر زیرەک و بەتوانان، چونکە ئەوان لە سەرچاوەکانەوە نزیکن.

هەمیشە دەتوانن ئەو ئەفسوون و جاویدانی و گەوهەرە شاراوەیە ببینن کە گەورەکان بەئاسانی نایبینن.

ئەوان هەر هەنووکە لە جیهانێکی دیکەوە هاتوون و گەیشتوون.

کەواتە هێشتا بەتەواوەتی ئەو شتانەیان لە یاد نەچووە، کە گەرماوگەرم هەستیان پێ کردووە، یان بینیویانە و بیستوویانە، بەڵام درەنگ و زوو لە یادیان دەچێت، گەرچی ئەوان هێشتا ئەو عەتر و بۆنە خۆشە بە چواردەوری خۆیاندا بڵاو دەکەنەوە.

هەر لەبەر ئەوەشە کە منداڵان زۆر جوانن، پاک و تەمیزن، ئایا کێ لە ئێوە منداڵی ناشیرینی دیوە؟

دەی ئێوە مەزەندەی چی دەکەن؟ ئایا ئەو هەموو منداڵە جوان و بەهرەدار و زیرەکانە چییان بەسەر دێت؟ بە رای ئێوە چ چەشنە چارەنووسێک چاوەڕێیان دەکات، بە دەست دایک و باوک و مامۆستا و ئاخوند و قەشە و ئەفسەر و کەسانی گەورەساڵ و خۆبەزۆرزان و شارەزا بە بواری پەروەردە و فێرکردن.

من بۆ خۆم دڵنیام ئەو هەموو کەسانەی کە ئێوە بە گەمژە و بێ بەهرە و بەدکار و شەڕانگێزیان لە قەڵەم دەدەن، مێ بن یان نێر، بەرهەمی دەستی ئەو کەسانەن کە ئێمە هەر لە هیچە بەرگی پیرۆزیمان لەبەر کردوون، کە بۆ خۆیان بێجگە لە شێواندنی کچەکان و کوڕەکانمان، رۆڵێکی دیکەی نەبووە، مووچە و پاداشت وەردەگرن و ستایش و نەوازش دەکرێن لەبەرامبەر تێکدانی ئاوەز و عەقڵی منداڵەکانمان.

ئەوانی کەودەن و تووتی و داهۆڵ و ناشارەزا بە ناوی پەروەردەی ساغڵەمەوە کچەکان و کوڕەکانمان وێڵ و سەرگەردان دەکەن.

کەواتە..

لەکۆتاییدا مەملەکەتێک پێکدێت کە پتر لە باخچەی دڕندە برسییەکان دەچیت، کە ناچارن لەتاو برسییەتی و تێنووێتیی خۆیان گۆشت و ئێسقان و خوێنی یەکتری بخۆن و بخۆنەوە.

دواتر ئەو رۆژگارە دێتە پێشێ کە ئێمەی بە ناو مەردمگەل زۆر بە دەگمەن بتوانین خەڵکانی جوان و زیرەک و ئاشتیخواز و بەهرەدار و رۆحپەروەر ببینین.

کەواتە چۆن ئاسوودە بین و بڵێین دونیا (شام)ی شەریفە؟ سەیری (شام) بکە، سووریا لە هەنووکەدا، کێ ئەو شێتخانە و قەسابخانە و بەندیخانە و خەستەخانەیەی دروست کردووە، بێجگە لە بنیادەمگەلێک کە گوایە جێگری خودان، یان نیشتمانپەروەر و خەڵك و خاکپەرست و نەتەوەپەرستن، چ کارەساتێکە ئەو تەوس و پارادۆکسە؟ من گومانم هەیە لەوەی کە هەرگیز (سووریا) یان (شام)ی کۆن: (شام)ێکی شەریف بووبێت، شەریف لێرەدا بە مانای بەرکەماڵبوونی ئاشتی و ئاسایشەوە هاتووە، بەتایبەتی لەدوای نیشتەجێبوونی (ئەمەوی)ییەکان لەوێندەرێ.

کەواتە منداڵەکان، کە بە خۆڕسک و زگماک پاک و تا ئەندازەیەکی ماقووڵ ئاشتیخوازن، گەر ئێمە تێکیان نەدەین، ئەگەر بەدکار نەبووبین، ئەی بۆ وایان بەسەر هات؟ لەکوێدا و کەی و چۆن و بۆچی سەرگەردان بوون؟ بۆچی کە گەورەتر بوون، لەبری عاقڵبوون، وەها ناشیرین و شەڕانگێز و مەرگدۆست بووینە؟ خۆ دەبێت لە خۆمان بپرسین، چ کارەسات و رووداوێک و بەڵایەکی ناگەهان هاتنە پێشێ؟ ئەوەی کە بووە و قەوماوە چارەنووسێکی رەش و بەدبەختی و سزایەکی خواهانەیە کە لە ئاسمان دابەزیوە، یان دەستکردی خۆمانە؟

بێ گومان زادەی پەروەردەیەکی نامرۆڤانە و دیاری و خەڵات و دەستکردی خۆمانە، کە بێجگە لە کوشتارگە و ئاوەدانکرنەوەی گۆڕستانەکان، هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبوو!

ئەوەی کە بۆ من مایەی پرسیار و تێڕامانە ئەوەیە کە زۆربەی وڵاتانی دونیا، بەتایبەتی ئەوروپا، لەدوای هەردوو جەنگی جیهانگیری کە ئاکامەکەی مەرگی ملیۆنەها کەسی بەدواوە بوو، سەرباری ملیۆنەها پەککەوتە و کەمئەندام و کاولبوونی وڵاتان و شارەکان، ئیدی شارەزایانی پەروەردە کەوتنە گومانکردن و بەخۆداچوونەوە، کە دەرئەنجام ناچار بوون، ریفۆرم و چاکسازی لە بواری پەروەردەدا بکەن، کە بەرهەمەکەی ئامادەکردنی نەوەیەکی ئاشتیخواز بن و لە خەمی ئاوەدانکردنەوەی خاک و خۆشگوزەرانیی خەڵکیدا بن، کەچی لە (رەشهەڵاتی ناوەڕاست)دا، کە بووەتە قەسابخانە و شێتخانە و بیمارستان و زیندان، کەچی دوا شت لە کارنامەی رژێمە داڕزیوەکانی ئەم ناوچەیە گۆڕین و ریفۆرمسازی سیستمی پەروەردەیە، کە دیارە بە پراکتیک تاوەکوو ئێستا نەبووەتە بڕگەیەکیش بۆ بەرنامەی چاکسازی، بە کوردستانی خۆیشمانەوە.

 









زۆرترین بینراو


هەواڵی سەرەکی

⋙ ئێران بڕیارنامەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی بە ناکاراو سیاسی زانی

⋙ بۆ یەخەی سەرۆک کۆمار بگرین

⋙ عه‌بدولمه‌هدى لژنه‌كا سێ كه‌سێ بۆ ب رێڤه‌برنا پاریزگه‌ها نه‌ینه‌وا پێك دئینیت

⋙ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كۆمه‌ڵێك بڕیاری ده‌ركرد

⋙ ب ڤیدیۆ ..وه‌لاتیێن مووسل رێگریێ ل پارێزگارى دكه‌ن

ڤیدیۆ هەواڵ
⋙ ب ڤیدیۆ ..وه‌لاتیێن مووسل رێگریێ ل پارێزگارى دكه‌ن

⋙ بەڤیدیۆ: هاوڵاتیانی موسڵ لەبارەی بەرپرسانی شارەكە زانیاری دەدەنە سەرۆك كۆمار


زۆرترین بینراو