English | عربي



هەتا دیواری نێوان من و ئەو نەڕووخێنین، بە خۆشەویستی ئاشنا نابین

2019/03/17 | 15:42

هەواڵی کوردستان - کریشنا مورتی وای گوت

(18)

 

بایەخ بەم ژیانەی ئێستا نادەیت و بە هیوایت دوای مەرگ وەک گیاندارێکی دیکە زیندوو ببیتەوە! ئێمە لە هێلکەیەکی پیتێنراوەوە، دوای بەسەربردنی نۆ مانگێک، لە ژینگەی هەناوی دایکماندا، دەبین بە ئینسان، ئاخۆ کە لە گۆڕدا دەڕزێین، یان کە دەبین بە خۆڵەمێش و دەدرێین بەدەم ئاوەوە، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە سەرلەنوێ لە دایک ببینەوە! بۆ ئەوەی لە ئێستا تێبگەین، پێویستمان بەوەیە لە ڕابردوو حاڵیی ببین.

تۆ ناتوانیت بڵێیت: ئێستا دەژیم، ئاخر ئێستا تێپەڕینی وەختە لە ڕابردووەوە بۆ داهاتوو، ئاخر تۆی ئێستا، زادەی ڕابردوویت.

بۆ ئەوەی بە کردەوە لە ئێستادا بژیت، پێویستت بەوەیە لە پرۆگرام و قاڵب قوتارت بووبێت و ئازاد بیت.

 

کە باسی مەرگ دەکەین، نیشانەی ئەوەیە لێی ناترسین.

لە کۆتاییدا لەشمان هەرەس دەهێنێت، ئەگەر زۆریش بایەخی پێ بدەین، ئەوپەڕی چوار پێنج ساڵێک دەخەینە سەر تەمەنی خۆمان.

لایەنی گەشی مردن ئەوەیە، کۆتایی بەم کوێرەوەرییە دەهێنێت کە ناومان لێ ناوە ژیان.

گیان لە وشەیەک بەولاوە هیچی دیکە نییە، شتێکی ئەزەلی بوونی نییە ناوی گیان بێت، ئێمە لە خۆڕایی دڵی خۆمانی پێ خۆش دەکەین و ئاواتەخوازین هەبێت.

ئینسان کە وەک جەستە دەمرێت، وەک دەروونیش دەمرێت و ئیدی هیچ بەرپرسیارییەکی نامێنێت، ئیدی نە ئاگای لە ماڵ و منداڵی دەمێنێت، نە لە سەروەت و سامانی، نە دەتوانێت ئەو شیعرەی پاکنووس بکات کە نیازی هەبوو بۆ بڵاوکردنەوەی بنێرێت.

 

ڕەنگە هیچ وشەیەک ئەوەندەی خۆشەویستی هەڵگری مانا نەبێت.

وەک چۆن مانای ساکاری هەیە، مانای ئاڵۆزیشی هەیە، ئاخۆ خۆشەویستی چێژە یان ئارەزووە؟ ئەگەر چێژە چۆن ئازاریشە؟ ئەوە فیکرە، چێژ و ئازار و ترس بەرهەم دەهێنێت، ئاخۆ دەتوانین فیکر بە خۆشەویستی بزانین؟ تۆ بۆیە خوات خۆش دەوێت، چونکە پێت وایە، بە تەنیا بەجێت ناهێڵێت، هەرچەندە عیسای بە تەنیا بەجێ هێشت! تۆ خوات خۆش دەوێت و ئەو خۆشەویستییە دەبێتە هەوێنی ئەوەی ڕقت لەوانە بێت، هەمان خوای تۆیان خۆش ناوێت.

 

خۆشەویستی نە بەرهەمی فیکرە و نە دەتوانین بە چێژ پەیدای بکەین.

پیاوێکی چاوچنۆکی شەڕانگێز چۆن دەتوانێت کەسی خۆش بوێت، ئاخر ئەوی نیازی خۆشویستنی هەبێت، دەبێت خۆی لە هەموو ئەو خڵتانە پاکژ بکاتەوە، کە لەگەڵ خۆشەویستیدا ناکۆکن.

خۆشەویستی سێکس نییە، کەچی هەمیشە بە پێوەندیی لەگەڵ سێکسدا باس دەکرێت! ئەوە چییە وای کردووە، سێکس هەمیشە وەکوو نوێ خۆی نمایش بکات، تەواو وەک تازەکی دۆزرابێتەوە؟ بۆچی سێکس ئەوەندە گرنگە؟ چونکە ئینسان بەدەم سێکسەوە خۆی لە بیر دەچێتەوە.

 

توانای ئەوە شک دەبەین، بگەینە سەر مانگ، کەچی توانای ئەوەمان نییە خۆمان بگۆڕین! گۆڕان ئاسانە، ئەگەر ڕوون ببینین و کرۆکی شتەکان بناسین، ئەگەر پشت نەکەینە کێشەکان و هیچ شتێک سەرکوت نەکەین.

بۆ ئەوەی گۆڕانمان بەسەردا بێت، پێویستمان بەوەیە، چاودێریی خۆمان بکەین و لە هەڵسوکەوتی خۆمان ڕابمێنین.

گۆڕانکاری بەوە ڕوو نادات، بچینە نێو حیزبێکی تازەوە، یان دینێکی نوێ تاقی بکەینەوە، ئاخر هەموو حیزبەکان و هەموو دینەکان هەڵگری هەمان پەیامن، پەیامی بە کۆیلەکردنی تاک.

هەتا عەقڵمان لە زیندانی کۆمەڵدا دیل بێت، ترسنۆک و نائومێد دەبین، ئاخر کۆتاییهاتنی چیرۆکی کوێرەوەری، بە ئازادییەوە بەندە.

 

من و تۆ لە یەکدی جیاواز نین، ئێمە و ئەوان وەک یەک واین، ئەوە کاڵفامی و لووتبڵندییە ئەگەر پێمان وابێت، ئێمە لەوان جیاوازین و تایبەتمەندیی خۆمان هەیە، نا، هەموومان وەک واین، با وەک ڕەنگی پێست لە یەکدیش نەچین.

تۆیش وەک ئەو نیگەران و توندوتیژ و شەڕانگێز و شێواویت و تۆیش وەک ئەو زۆر جار ویژدانت ئازارت دەدات.

ئەگەر بتوانیت ئەو دیوارانەی دەوری خۆت بڕووخێنیت، هەست دەکەیت لەوان جیاواز نیت، وەک ئەوان وایت، ئەوسا دەرک بە مانای خۆشەویستییش دەکەیت.

شوورەیەکمان بە دەوری خۆماندا بڵند کردووەتەوە، شوورەیەک لە ترس و نیگەرانی، بە پیرۆزی دەزانین و پێمان وایە بە هەرەسهێنانی ئەو شوورەیە، هەرەس دەهێنین، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو شوورەیە، لە مرۆڤایەتی و لە دونیای دابڕیوین، ناچاری کردووین هەمیشە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا لە ململانیدا بین و گیرۆدەی ترس و دڵەڕاوکێ بین.

هەتا دیواری نێوان من و ئەو، نێوان ئێمە و ئەوان نەڕووخێنین، بە خۆشەویستی ئاشنا نابین.

 

بۆچی پێویستە هەوڵ بدەین؟ چونکە دووڕوویی لە ئارادایە، دووڕوویی ئەوەی، توندوتیژ خۆی وەک ناتوندوتیژ نمایش دەکات، تا فریومان بدات.

تووڕە ڕۆڵی هێدی دەبینێت، لاواز خۆی وەک بەهێز و تێکشکاو خۆی وەک سەرکەوتوو پیشان دەدات.

عەقڵ کە لە ڕاستییەکان تێناگات، هاودژێک دەخوڵقێنێت و بە گژیدا دەچێتەوە، ئەگەر عەقڵ واقیعبین بووایە، پێویستی بەوە نەدەبوو خۆی چەواشە بکات و هاودژی وەهمیی نەدەخوڵقاند.

کێشەی گەورە ئەوەیە، خەڵکانی پرۆگرامکراو کە زۆرینەن، دەرک بەوە ناکەن لە قاڵب دراون.

هەمیشە کەمینەی هۆشیار، هەم خۆیان دەگۆڕن و هەم ڕۆڵی کاربڕ لە گۆڕینی کۆمەڵیشدا وازی دەکەن.

 

پەرۆشی، نەبووایە ئینسان هیچی وای پێ نەدەکرا، ئاخر لە پەرۆشیدا من و تۆ و ئێمە و ئەوان بزر دەبن و قوربانیدان، جێی چاوچنۆکی دەگرێتەوە.

بە هۆی یۆگاوە، نە لە واقیع تێدەگەین، نە بە حەقیقەت دەگەین، بەڵکوو گەوجتر دەبین، ئاخر عەقڵمان بچووکتر دەبێتەوە لەوەی کە هەیە.

گوایە کە چوارمەشقی دادەنیشین و هەناسەی قووڵ هەڵدەکێشین، دەگەینە ترۆپکی هۆشیاری، بەڵام ڕاستییەکەی وەختی خۆمان بەفیڕۆ دەدەین.

عەقڵێک میکانیکییانە هەموو ڕۆژێک هەمان ڕۆتین دووبارە بکاتەوە، وەک ئامێری لێ دێت و تەڕوبڕی و هەستەوەری لە دەست دەدات.

 

ڕەوشتی جوان ئەوەیە، دەست لەو هەڵسوکەوتانە هەڵبگریت کە کۆمەڵ پەسەندیان دەکات.

کۆمەڵ پێی باشە چاوچنۆک و توندوتیژ بیت، تەنانەت بۆ کوشتوبڕیش هانت دەدات! ڕەوشتی جوان ئەوە نییە پەرستگە باسی دەکات، ئەوەیە عەقڵت لە خڵتەی ئاژاوە پاک بکەیتەوە و واز لە توندوتیژی و چاوچنۆکی بهێنیت.

ئەوانەی خۆیان وەک خاوەنی فیکر و پەیام نمایش دەکەن، ڕاستگۆ و دەستپاک نین، درۆزن و فێڵبازن و ئەوەی ئەوان بە ڕەوشتی جوانی لە قەڵەم دەدەن، ڕاستییەکەی بەدڕەوشتییە.

 

دوو جۆر عەقڵمان هەیە: هۆشیار و ناهۆشیار کە عەقڵی ناوەکییشی پێ دەڵێن.

عەقڵی ناوەکی گەنجینەیەکە لە ڕابردوو، میراتێکە لە نەریت و بیرەوەری و لە خولیا و ئارەزووە چەپێنراوەکان پێکهاتووە.

بۆ ئەوەی عەقڵی هۆشیار لە نهێنییەکانی عەقڵی ناوەکی تێبگات، وێڕای وریایی، ئاگایی، بێلایەنی و ئازادی، پێویستی بە وەختێکی درێژ و ڕەنجێکی زۆریش هەیە.

دەڵێن عەقڵی ناهۆشیار لەڕێی خەونەوە، پەردە لەسەر خۆی هەڵدەماڵێت و ئەگەر خەونمان نەدیبا، شێت دەبووین.

 

عەقڵی هۆشیار بە ڕۆژ سەرقاڵی ئیش و ململانێ و خێزان و ڕابواردنە و لەم بیرۆکەوە بۆ ئەو بیرۆکە باز دەدات.

شەو کە عەقڵی هۆشیار و جەستە پشوو دەدەن، عەقڵی ناوەکی بەو هیوایەی عەقڵی هۆشیار لێی تێبگات، دەست بە ناردنی ئاماژە و نامە دەکات.

ئێمە کە بە ڕۆژ لێپرسینەوە لەگەڵ عەقڵی هۆشیارماندا ناکەین، عەقڵی ناهۆشیارمان بە شەو ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکات.

ئەگەر شەو قووڵ بخەوین، خەونی ناخۆش نابینین و بەیانی کە لە خەو هەڵدەسین، وەک چۆن وەک جەستە چالاکین، عەقڵیشمان پشووی داوە.

هەموومان حەوجەمان بە پشوودانی عەقڵە، ئاخر عەقڵی ماندوو توانای ئەوەی نییە، ساختە لە ڕاستی جودا بکاتەوە.

 

ڕوانین دەبێت بەدەم بێدەنگییەوە ڕوو بدات و لە هێمنییەوە هەڵبقوڵێت، ئەگەرنا هیچ نابینین، ئاخر عەقڵێک زۆربڵێ و شپرزە و نیگەران و ترساو بێت، توانای بینینی دروستی نابێت.

کە سەروەختی ڕامان هەوڵ دەدەین خۆمان بەرزەفت بکەین، بەزرەفتکار و بەرزەفتکراو هەر یەکێکن، ئاخر کە عەقلمان دوور دەڕوات، ئەوە خۆمانین دەیگەڕێنینەوە بۆ بن هەژموونی خۆمان.

چڕکردنەوەی ڕوانین لەسەر نوقتەیەک، کارێک دەکات عەقڵ بەشێکی زۆر لە زیرەکی و نەرمونیانیی خۆی لە دەست بدات و توانای تێگەییشتنی لە هەموو ژیان لاواز ببێت.

کە عەقڵ لەسەر شتێک چڕ دەکەیتەوە، ناتوانێت شتەکانی دیکە فەرامۆش بکات، ئیللا مەگەر لەڕێی سەرکوتکردنییەوە، عەقڵی سەرکوتکراویش زۆرێک لە فراوانیی پانتاییی توانای خۆی لە کیس دەچێت.

 

زۆرینەمان ژیانێک دەژین، بێ مانا و تژی لە ڕۆتین، بۆیە بەردەوام بەدوای ئەزموونی نوێدا دەگەڕێین، ئەزموونی قووڵتر و بەرینتر، تەنانەت تلیاکیش تاقی دەکەینەوە.

بیرتان نەچێت بخوازین هەر شتێک و بە ڕوونی ببینین، پێویستە عەقڵمان بێدەنگ بێت، سەرقاڵی گفتوگۆی ناوەکی نەبێت، ئاخر ناتوانین سیمای ئەوی دی ببینین، یان دەرک بە لایەنە جوانەکانی دەنگی بکەین، ئەگەر عەقڵمان لەم باسەوە باز بداتە سەر ئەو باس.

 

لە هەر شوێنێک من و ئەو، ئێمە و ئەوان هەبێت، بۆشایییەک دەکەوێتە نیوانمانەوە.

کە من دەڵێم: کریستیانم و تۆ دەڵێیت: موسوڵمانم، کە من دەڵێم کۆمۆنیستم و تۆ دەڵێیت: ناسیۆنالیستم، بەوە خۆمان لە یەکدی جودا دەکەینەوە و تۆوی ململانێ دەچێنین.

ئەوە عەقڵی بچووکە ئیش لەسەر زەقکردنەوەی جیاوازییەکان دەکات و لایەنە هاوبەشەکان فەرامۆش دەکات.

عەقڵی بچووک، عەقڵێکە زۆربڵێ، توانای بێدەنگبوون و چاودێریکردنی نییە، عەقڵی بچووک با مەشقێکی زۆریش بکات، هەر بە بچووکی دەمێنێتەوە، ئەوە بۆیە زۆرینە لەبری ئەوەی سەر بە مرۆڤایەتی بن، سەر بەم ئۆل، یان ئەو فیکرن.

 

ڕامان ئەوە نییە لاسایی ڕێبەرێکی ڕووحی بکەیەوە، ئەوەیە شوێنپێی کەس هەڵنەگریت، خۆت ڕێیەک بدۆزیتەوە و بەبێ ترس و بەبێ هیچ کۆت و پێوەند و سانسۆر و قاڵبێک، بە ناخی خۆتدا شۆڕ ببیتەوە، ئەگەرنا ماندووبوونت بەفیڕۆ دەڕوات.

بۆ ئەوەی ڕامان بەرهەمی هەبێت، نە پێویستمان بە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفییە، نە کتێبی دەروونناسی و نە کتیبی پیرۆز، تەنیا پێویستمان بەوەیە بە ناخی خۆماندا ڕۆ بچین، ئاخر دونیا لە ناخی خۆماندایە.

ئەگەر بزانیت چۆن لەدووی ڕاستی دەگەڕێیت، پێویستت بە کلیلی کەس نییە، ئاخر دەرگە بە ڕووتدا کراوەیە.

 

ئێمە بۆچی هەین؟ ئایا هیچ پێویستە هەبین؟ هیچ نەبێت بۆ ئەوە پێویستە هەبین، تا سەیری دیمەنی جوان بکەین، دیمەنی وەک (کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو.) تا بە جوانی ئاشنا نەبین، لە مانای ئەڤینیش تێناگەین، هەر کە بە جوانی و بە خۆشەویستی ئاشنا بووین، ئیدی پێویستمان بەوە نابیت، لە خۆمان بپرسین: بۆچی هەین.

ئەگەر دڵ و عەقڵمان ئامادەی ڕوانین بن، هەموو دونیا تژییە لە جوانی.

جوانیی ڕاستەقینە لە گەواڵەهەورێکی سپی، یان لە تاقەدرەختێکی باڵابەرزدا نییە، لە ناخی خۆماندایە، ئاخر ئەگەر ناخمان جوان نەبێت، هیچ شتێک جوان نابینن.

 

*

(١) کریشنا مورتی، عقل بلا حدود، ترجمة: سلام خیر بک، دار الحوار ٢٠١٧ اللاذقیة، سوریة.(٢) کریشنا مورتي، فضاءات جدیدة، الحب، الحریة، الإدراک، ترجمة: معاني صالح، دار الحوار ٢٠١٧ اللاذقیة.(٣) کریشنا مورتي، أنت العالم، ترجمة: محمد فندي، ، دار الحوار ٢٠١٧ اللاذقیة.

 









زۆرترین بینراو


هەواڵی سەرەکی

⋙ عه‌بدولمه‌هدى لژنه‌كا سێ كه‌سێ بۆ ب رێڤه‌برنا پاریزگه‌ها نه‌ینه‌وا پێك دئینیت

⋙ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كۆمه‌ڵێك بڕیاری ده‌ركرد

⋙ ب ڤیدیۆ ..وه‌لاتیێن مووسل رێگریێ ل پارێزگارى دكه‌ن

⋙ بۆ یەخەی سەرۆک کۆمار بگرین؟

⋙ به‌شیر حه‌داد: پێدڤیه‌ روودانا مووسل ب ساناهى ده‌رباز نه‌بیت وپێرابوون هه‌بن

ڤیدیۆ هەواڵ
⋙ ب ڤیدیۆ ..وه‌لاتیێن مووسل رێگریێ ل پارێزگارى دكه‌ن

⋙ بەڤیدیۆ: هاوڵاتیانی موسڵ لەبارەی بەرپرسانی شارەكە زانیاری دەدەنە سەرۆك كۆمار


زۆرترین بینراو