English | عربي



خۆنماییشکردنى سێكسى ماناى چییە؟

2019/01/14 | 15:42

هەواڵی کوردستان - هۆشیاریی سێکسی..

پرسیار و وەڵام

خۆنماییشکردن Exhibitionism لادانێکی سێکسییە و یەکێکە لەو لادانە تاکەکەسییانەی، کە تیایدا بەیەکگەیشتنی سێکسی لەنێوان تاک و ئامانجەکەیدا (واتە كەسى لادەر و كەسى تەماشاكەر) ڕوو نادات، هەروەک لادانە تاکەکەسییەکانی دیکە، نموونەى خۆمەڵاسدان و فتشیزم و لەبەرکردنی پۆشاکی توخمەکەی دیکە.

لە لادانى خۆنماییشكردندا، تاک بە تەنیا كارەكەى ئەنجام دەدات.


پ: كەسى تووشبوو چۆن خۆى نماییش دەكات؟و: كەسى تووشبوو چاكەتێكى درێژ، یان پاڵتۆیەك لەبەر دەكات و لەژێرەوە هیچ لەبەر ناكات، كاتێك كە خەڵك دەبینێ، چاكەتەكەى دەكاتەوە و ئەندامى سێكسیى خۆى پیشانى ئەو خەڵكە دەدات.

بەزۆریش پێى خۆشە منداڵ، یان ژن سەیرى بكەن، چونكە زیاتر لە پیاو تووشى سەرسوڕمان و شۆك دەبن.

كەسى تووشبوو بەم لادانە، هەست بە وروژان و پاشان تێربوونى سێكسى دەكات، كاتێك كەسانى دیكە دەبینێ كە بە حەپەساوى، شەرم، سەرسوڕمان و ترسەوە تەماشاى دەكەن، چەند ئەم كاردانەوانە لەلایەن ئەو تەماشاكەرانەوە زیاد بكات، هێندە زیاتر ئەو كەسە نەخۆشە هەست بە چێژ دەكات.

بەزۆرى ئەو كەسە ڕوو لە شوێنى گشتیى وەك باخ، یان بەردەم قوتابخانەى كچان دەكات، هەركە كەسێكى بینى و ئەو هەستانە لەسەر ڕووخسارى دەركەوتن، ئیدى كەسى لادەر ڕادەكات و شوێنەكە بەجێ دێڵێ.

هیچ پاڵنەر، یان ئامانجێكى سێكسییشى نییە، كە دەستدرێژیى سێكسى بكاتە سەر ئەو كەسانەى كە دەبنە قوربانى و ئەو دیمەنە دەبینن.

زۆربەى كات كەسى لادەر لەدواى ئەنجامدانى ئەو نماییشانەى، كە دەگەڕێتەوە شوێن و ماڵى خۆى، هەست بە شەرم و گوناە دەكات، چونكە بەشێوەیەكى نەستى، یان ناهۆشیارى ئەو ڕەفتارە ناسروشتییانە دەنوێنێ.


پ: ئەم لادانە لەگەڵ چ جۆرە حاڵەت یان نەخۆشیى دەروونیدا هاوكاتە؟و: لادانى خۆنماییشكردن بەزۆرى هاوكاتە لەگەڵ تووشبوون بە خەمۆكى، دڵەڕاوكێ، خەمۆكیى جووت جەمسەر، پشێویى نەبوونى تەركیز و فرەجووڵەیى، منداڵبازى، پشێویى كەسێتیى دژ بە كۆمەڵگە.


پ: ئایا لە هەردوو توخمەكەدا لادانێكى بڵاوە؟و: لادانی جۆری خۆنماییشکردن لە هەموو لادانە تاکەکەسییەکانی دیکە زیاتر ڕوو دەدات و لە هەمووشیان زیاتر ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و بەدواداچوونی دادوەرى دەبێتەوە.

ئەم لادانە وەک زۆربەی لادانەکانی دیکە، لە نێردا زیاتر ڕوو دەدات بە بەراورد لەگەڵ مێ-دا، هەرچەندە لە هەندێ لە شارستانییەتە جیاوازەکانی دونیادا، ژنان لە پیاوان زیاتر شێوازەکانی خۆنماییشکردن و خستنە ڕووی ناوچە سێکسییە وروژێنەرەکانی جەستەیان، پیادە دەکەن.

وەلێ دەرکەوتن و خۆڕووتکردنەوەی ژنان بەو شێوازە نماییشکردنە، ناکرێ بە لادانی سێکسی، بە مانا دروستەکەی ئەم زاراوەیە، دابنرێ، چونکە ژن خۆی چێژی سێکسی لەو نمایشکردنە وەرناگرێ و تەنیا شێوازێکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی تەماشاکەران، یان لەپێناو بەرژەوەندیى ماددیدا.

 

پ: كەسێتیى كەسى تووشبوو بەم لادانە چۆنە؟و: نووسەر و زانای سایکۆلۆژی بەناوبانگ، هافلوک ئالیس، دەربارەی ئەو کەسەی تووشی لادانی سێکسیی خۆنماییشکردن بووە دەڵێ: "ئەو پیاوەی ئەندامی سێکسیی خۆی نماییش دەکات و پیشانی خەڵکی دەدات بۆ سەرنجڕاکێشانی ژنان، هیچی لەو کەسانە ناوێ کە خۆی بۆیان ڕووت دەکاتەوە، بە دەگمەن یەک وشە لە دەمی دێتە دەرەوە و بە دەگمەن هەوڵی نزیکبوونەوە دەدات لەو کەسانە، دوای ئەوەی ئەندامەکەی خۆی نماییش دەکات و پیشانیان دەدات، بە ئاسوودەیی شوێنەکە بەجێ دێڵێ".

بەڵام لە ئەنجامی تێبینیکردنی ئەو کەسانە، دەرکەوتووە، گرژبوونێکی سێکسییان هەیە و بە ئۆرگازم و هاویشتنی تۆو کۆتایی دێ، ئیدی لە ڕێی ماستەربەیشنەوە بێ یان خۆبەخۆ ڕوو بدات.

کەسی نمایشکەر، بە زۆری گەنجێکی تەمەن بچووکە، شەرمن و هێمن و دوورەپەرێزە، بە گشتی گومانی لە توانای سێکسیی خۆیدا هەیە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی سێکسیی ڕاستەقینە لەگەڵ هاوبەشێکی سێکسیی ڕاستەقینەدا، سڵ دەکاتەوە، هەروەها زۆربەی کات ئارەزووی ئازاردانی ئەو کەسانە ناکات کە تەماشای دەکەن، بەڵام هەندێکیان دەشێ جۆرێ لە شەڕانگێزی بنوێنن، کاتێک تەماشاکار لە بینینی نمایشەکەی سەرپێچیی دەکات، واتە کاتێک ئەو کەسە یان ئەو کەسانەی ئەو کوڕە خۆی لەبەردەمیاندا ڕووت دەکاتەوە، ڕازی نەبن تەماشای بکەن.

 

پ: هۆكارى ئەم لادانە بۆچى دەگەڕێتەوە؟و: بۆ لێکدانەوەی ئەم لادانە چەندەها تیۆر هەیە، هەندێکیان پێیان وایە گوزارشت لە پشێوییەکی دەروونی دەکات، یان ئەستەمیی توانای گونجاندنی ئەو کەسە لەسەر ژیانی سێکسی سروشتی دەنوێنێ، یان ئەو کەسە لەو هەستە سێکسییە دەترسێ، کە هاوبەشە سێکسییەکەی بەرامبەری دەری دەبڕێ، یان لەوانەیە وەڵامدانەوەی پاڵنەرێکی ناچاری دەروونیى زاڵ بێ، واتە پاڵنەرێک هەبێ کە ئەو کەسە ناچار بکات بۆ ئەو خۆنمایشکردنە و هەر بۆیە ئەو کەسە تەنانەت ئەگەر ئاشکراش ببێ و سزاش بدرێ، هەر بەردەوام دەبێ لەسەر پراکتیزەکردنی لادانە سێکسییەکەی.

هەندێ حاڵەتی نەخۆشیش هەیە دەشێ ببنە هۆی دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە، بۆ نموونە، لە حاڵەتەکانی ئالوودەبوون لەسەر كهوول، خەڵەفانی پیری و نەخۆشییە ئەندامییەکانی تووشی دەماخ دەبن، بە تایبەتی لەو کەسانەدا کە ئەم نەخۆشیانەیان هەیە و هاوکات بە دەست پەککەوتنی سێکسییشەوە دەناڵێنن، ئەم کەسانە دەشێ لە ڕێی نمایشکردنی ئەندامەکەیان قەرەبووی شکستهێنانی سێکسییان بکەنەوە.

لەوانەیە دروسترین لێکدانەوە بۆ ئەم لادانە ئەوە بێ، کە كۆنترۆڵكردنى ئەقڵیی بۆ پاڵنەرە سێکسییەکان لەم کەسانەدا کەم ببنەوە، یان هەر نەمێنن.

هەندێکیش پێیان وایە، لادانی خۆنمایشکردن، پاشماوەی پراکتیزە سێکسییە سەرەتاییەکان بێ، کە پیاو، یان هەندێ جار ژنیش، ئەندامی سێکسیی خۆیان نماییش کردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ دەرخستنی توانا یان ئامادەباشییان بۆ وەڵامدانەوەی سێکسی.

تیۆرێکی دیکە هەیە کە پێی وایە، خۆنماییشکردن جۆرێکە لە جۆرەکانی ڕەفتاری سادی، کە پیاو توندوتیژیی دەروونی بەکار دەهێنێ بەرامبەر بە ژن و ناچاری دەکات بۆ بەئاگاهاتن و تەماشاکردنی کتوپڕ و ترسناکی ئەندامى سێکسیی خۆی، کە ئەم ناچارکردنە دەبێتە مایەی ئازاردن و ترس و قێزەونی لە دەروونی ژندا، ئەمەش هەمان ئامانجەکانی کەسانی سادیین، كە لە نێچێرەکەی دەوێن.

 

پرسیارەكانتان لە ڕێى ئەم ئیمەیلەوە وەڵام دەدرێنەوە:prsiar.walam@yahoo.com

 









زۆرترین بینراو


هەواڵی سەرەکی

⋙ شاناهان دەكشێتەوە.. ترامپ مارك ئیسپەر بۆ پۆستی وەزیری بەرگری دەپاڵێوێت

⋙ كوردێك وەك باڵیۆزی ئەمریكا لەبولگاریا دەستنیشان دەكرێت

⋙ بەهای دراوەکان 19.6.2019

⋙ هێرشی مووشەکی کرایە سەر چەند کۆمپانیای نەوت لە بەسرە

⋙ ڤیدیۆ؛ برازیل كەوتە داوی یەكسان بونەوە

ڤیدیۆ هەواڵ
⋙ ڤیدیۆ؛ برازیل كەوتە داوی یەكسان بونەوە

⋙ بەڤیدیۆ.. عەبدولقەھار زاخۆیی گۆرانییەک دەڵێتەوە


زۆرترین بینراو